“محەممەدئەمین جەهانگیری”، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕیبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک” محەممەدئەمین جەهانگیری” پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی گوندی داشبەند لە ناوچەی بۆکان بەهۆی نەخوشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
کاک محەممەدئەمین، ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە دەست پێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب، وێڕای دوو برای دیکەی چەکی شەرەف و پێشمەرگایەتی بۆ بەرگریی لە خاکی پیرۆزی نیشتمان لە شان دەکا.
ناوبراو ماوەی ٧ ساڵ پێشمەرگەی حیزب بووە و لە زۆر شەڕی ناوچەی بۆکاندا بەشداری کردوە و ساڵی ١٣٦٠ بۆ ماوەیەک فەرماندەری پەل بووە و پاشان لەساڵی ١٣٦٢ وەک کادری ناوچە کاری تەشکیلاتی دەکرد.
کاک محەممەدئەمین جەهانگیری لە ساڵی ١٣٦٤ لەسەر ئیزنی حیزب ڕۆیشتەوە بۆ ناوخۆی وڵات و تا کاتی کۆچیدوایی وەفادار بە حیزب مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک” محەممەد ئەمین” و سەرجەم خزم و کەسوکاریان و خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.