وەزیری دەرەوەی بریتانیا، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە وتووێژە ناکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕیککەتنی بەرجام لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە خێرایی ناڕواتە پێشەوە، وتی: وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن نزیک بووەتەوە لە کۆتایییەکی مەترسیدار.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی بریتانیا، لیزا تراس، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پەرلەمانی بریتانیا بە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی وتووێژەکان بە کۆتایییەکی مەترسیدار هۆشداری دا و وتی: ڕێژیمی ئێران دەبێ خۆی یەکلایی بکاتەوە و بڕیار بدات کە دەیهەوێت بگەین بە ڕێککەوتن، یان بەرپرسایەتیی شکستی وتووێژەکان لە ئەستۆ دەگرێ.
وەزیری دەرەوەی بریتانیا هۆشداری بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دا و وتی: ئەگەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی شکست بێنێ، ئەوە ڕێگە چارەگەلێکی دیکە دەگرینەبەر و ئێران دەبێ لەنێوان شکستی وتووێژەکان و ڕێککەوتن یەکیان هەڵبژێرێ.
لیزا تراس لە کاتێکدا هۆشداری بە ئێران دەدات و جەخت لەسەر پێویستی بە ئاکام گەیشتنی وتووێژەکان دەکات کە تیمی دانوستانکاری ئەمریکایی چەند کەس لە ئەندامانی تیمەکەی بە تایبەتی ڕیچارد نێفیۆ، جێگری ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و دوو کەسی دیکە لە دیپلۆماتەکانی ئەمریکایی ئامادە لە ڤییەن دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و ڕەخنە لە ڕابێرت مالی دەگرن و دەڵێن کە ناوبراو لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران زۆر نەرمی دەنوێنێ.