سکرتێری شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم لە کاردانەوە بە ئەگەری وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ڤییەن وتی: تا ئێستا پێوەندییەکانمان لەگەڵ هەیئەتی ئەمریکایی لە ڤییەن تەنیا لە ڕێگەی نووسین و ناڕاستەوخۆ بووە و پێویست ناکات ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەین.
عەلی شەمخانی، سکرتێری شۆرای باڵای ئاسایشی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە لە ئێستادا پێویست نییە لەگەڵ ئەمریکا ڕاستەوخۆ وتووێژ بکەین، وتی: ڕێگەی پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەمریکا تەنیا کاتێک بۆ پێوەندیی ڕاستەوخۆ دەگۆڕدرێ کە ئێران بگات بە ڕێککەوتنێکی باش و دڵخواز.
هەر لەم پێوەندییەدا حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی ڕابردوو لەسەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام وتی: ئەگەر لە درێژەی وتووێژەکانی ڤییەن، گەیشتین بە قۆناغیک کە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی باش، پێویست بێ لەگەڵ تیمی دانوستانکاری ئەمریکا دانوستان و وتووێژە بکەین، ئێمە ئامادەین بۆ لاچوونی گەمارۆکان لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەین.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە تا ئێستا لە ڤییەن ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی ١+٤ وتووێژمان کردووە و وتووێژە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی ئێنریکە مۆرا و دوو وڵاتی دیکەی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ئەمریکا کراوە و تیمی دانوستانی ئەمریکاش هەر لە ڕێگەی ئەو کەس و وڵاتانەوە پێشنیارەکانی خۆی هێناوەتە بەرباس لە ڤییەن.