شاعێری ناسکخەیاڵی کورد، “عەلیئەشرەف نەوبەتی” ناسراو بە “پەرتەو کرماشانی” سەرلەبەیانیی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، “عەلیئەشرەف نەوبەتی” ناسراو بە “پەرتەو کرماشانی”، شاعێری ناسکخەیاڵی کورد و خەڵکی شاری کرماشان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، ماڵاوایی لە ژیان و جیهانی شێعر و ئەدەب کرد.
پەرتەو کرماشانی، لە ٦ی ڕەزبەری ١٣١٠ی هەتاوی، لە شاری کرماشان لەدایک بووە و لەو شارەش خوێندنی تەواو کردووە، هەر لە منداڵی و لە ڕێگەی بنەماڵەکەیەوە جیهانی ئەدەبی کوردی و بەتایبەت شێعری ناسیوە و بە شێوەزاری کوردیی خوارینی زمانی کوردی و بە زمانی فارسیش، زیاتر لە ٣٠٠٠ دێڕ (بەیت) شێعری هۆنیوەتەوە.
ئەو شاعێر کوردە کۆمەڵێک بەرهەمی بەپێزی بە زمانەکانی کوردی و فارسی هەیە و جگە لە شێعرەکانی، کەسایەتیی خۆی زۆر بووەتە جێگای سەرنجی خەڵکی کرماشان و ناوچەکانی کوردستان بەگشتی و خۆشەویستییەکی تایبەتی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا هەبووە.