بەهۆی گەمارۆکان و کێشە کەڵەکەبووە ئابوورییەکان و دۆخی نالەباری ژیان لە وڵاتی ئێران، ئاماری کۆچکردن بەرەو هەندەران ڕوو لە زیادبوونە و ژنان زیاتر هەوڵ دەدەن کە ئێران بەجێ بهێڵن.
بەپێی ڕاپۆرتی “خەبەر ئانلاین” کە لەم دواییانەدا بڵاو بووەتە، هاتووە کە هەوڵدان لە ئێران بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە و ئورووپایی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر بووە و بەردەوام ئەو کەسانەی لە هەوڵی ئەوەدان کە ژیانێکی ئارام و باشتریان هەبێ، هەوڵ دەدەن ئێران بەجێ بهێڵن و ڕوو بکەنە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارس بگرە تا ئاڵمان و ئینگلیس و ئەمریکا، چوونکە پێیان وایە لە ئێران هیچ داهاتوویەکیان نییە و بە بڕوای ئەو کارناسە، هۆکاری سەرەکیی هەوڵی خەڵکی ئێران بۆ بەجێهێشتنی وڵات کێشەی ئابووری و گەمارۆکان و ناڕوونی داهاتوویان و بێهیوا بوون لە سیستمی بەڕێوەبەری ئەو وڵاتەیە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئێران کۆچ دەکەن ئەو کەسانەن کە دەرچووی زانکۆکانن کە ئێستا بێکارن و لەو نێوەشدا ژنان زیاتر هەوڵ دەدەن کە لە ئێران بڕۆن و تاکوو دۆخی ئابووریی ئێران و گوشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەو شێوەیە بێ، شایەتی بەرزبوونەوەی ئاماری بهیوایی خەڵک و کۆچکردن بۆ هەندەران دەبین.