پۆلیسی پاکستان داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە، ٣ بکوژ کە دیپلۆماتکارێکی سعوودیان کوشتووە و لە ئێراندا خۆیان حەشار داوە، ڕادەستی پاکستان بکاتەوە.
ڕێکخراوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریسمی پاکستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە؛ حەسەن ئەلقەحتانی، دیپلۆماتکاری سعوودی ساڵی ٢٠١١ی زایینی لەلایەن بکوژانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ تێرۆر کرا و تێرۆرییستەکان بە زووترین کات شوێنی تاوانەکەیان بەجێ هێشت و خۆیان گەیاندە ئێران و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خۆیان حەشار داوە و ڕێژیمی ئێران دەبێ ئەو تێرۆریستانە ڕادەستی دەوڵەتی پاکستان بکا.
شەهید ئەحمەد، جێگری دادستێنی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریسم لە پاکستان، وتی: لە ئێستادا تیمی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە و سەرەداویان دەست کەوتووە و خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی وردن لەسەر ئەو تێرۆریستانەی کە لە ئێران خۆیان حەشار داوە و لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پەروەندەیەدا، داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە کە ٣ بکوژ بە ناوەکانی “عەلی موستەحسەن، ڕەزا ئیمام و سەید ویقار ئەحمەد”ـی بە تاوانی بەشداری لە پیلانی کوشتنی دیپلۆماتکاری سعوودی و کردەوە تێرۆریستییەکانی دیکەدا، ڕادەستی دەوڵەتی پاکستان بکرێنەوە.