هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک ڕایگەیاندووە؛ شەڕڤانان دوای هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆسەر بەندیخانەی شاری حەسەکە لە گەڕەکی غوێران، ٣٠٠ چەکداری تری ئەو گرووپە تێرۆریستییەیان گرتووە.
بەپیی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز؛ پاش هێرشەکانی تێرۆریستانی گرووپی داعش بۆسەر بەندیخانەی “سەناعە” لە گەڕەکی “غوێران” لە شاری حەسەکە کە گیراوانی سەر بە گرووپی تێرۆریستیی داعشی تێدا بووە، هێزەکانی سوریەی دێموکرات (هەسەدە) تێرۆریستانی داعشیان گەمارۆ داوە و زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری تری ئەو گرووپەیان ناچار کردووە کە خۆیان ڕادەستی هەسەدە بکەن.
لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی خۆسەریی ڕۆژاوا ڕایانگەیاندووە؛ پاش ئەوەی کە ڕۆژی پێنجشەممە تێرۆریستانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر بەندیخانەی شاری حەسەکە، تاکوو ئێستا زیاتر لە ١٨٠ بەندکراو و تێرۆیستانی داعش کوژراون و ٢٧ شەڕڤان و ٢٧ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید بوون.
شایانی باسە کە هێشتا شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژاوای کوردستان کۆتایییان پی نەهاتووە و هێزەکانی ئاسایش و هەسەدە پێکەوە لە بەرپەرچدانەوەی پیلانی تێرۆریستانی داعش کە بە وتەی ژێنێڕاڵ “مەزڵووم کۆبانێ”، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لایەنێکی بەهێزی نێودەوڵەتی لە پشتە، بەردەوامن.