وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژە بە ئەوەیکە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن نزیک بوونەتەوە لە بڕیاراتی سیاسی، وتی: ئەگەر پێویست بکات تیمی وتووێژی ئێران ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیمی وتووێژی ئەمریکا، دانوستان و وتووێژ دەکات.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە پەراوێژی کۆبوونەوەیەک لەهەمبەر پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەسەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، لە پاشەکشەیەکی ئاشکرادا بە هەواڵنێرەکانی ڕاگەیاند کە؛ ئەگەر لە درێژەی وتووێژەکانی ڤییەن، گەیشتین بە قۆناغیک کە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی باش، پێویست بێ لەگەڵ تیمی دانوستانکاری ئەمریکا دانوستان و وتووێژە بکەین، ئێمە ئامادەین بۆ لاچوونی گەمارۆکان لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەین.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە تا ئێستا لە ڤییەن ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی ١+٤ وتوێژمان کردووە و وتووێژە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی ئێنریکە مۆرا و دوو وڵاتی دیکەی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ئەمریکا کراوە و تیمی دانوستانی ئەمریکاش هەر لە ڕێگەی ئەو کەس و وڵاتانەوە پێشنیارەکانی خۆی هێناوەتە بەرباس لە ڤییەن.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، هەروەها ڕایگەیاند کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن گەیشتوونەتە قۆناغێک کە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئێمە دەبێ بڕیاری گرینگی سیاسی بدەین.