دایە “کوبڕا چوگانی”، هاوژینی پێشمەرگەی شەهید “عەبدوڵا گلولە”، لە شاری مەهاباد ماڵاوایی ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو “کوبڕا چوگانی” هاوسەری شەهید “عەبدوڵا گلولە”، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە ناوچەی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە کوبڕا خاتوونێکی نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوو و بەردەوام خۆی بە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی هاوسەرە شەهیدەکەی دەزانی و ئاوات و ئارەزووی هەرەگەورەی سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات و بزوتنەوە ڕەواکەی بوو و خاوەن پێگەیەی کۆمەڵایەتی بەرز و ڕێزێکی تایبەت لەنێو خەڵکی ناوچەی مەهاباددا بوو.
شایانی باسە کە شەهید “عەبدوڵا گلولە” سەرپەل و یەکێک لە فەرماندەکانی لکی یەکی هێزی شەهید پێشەوا لە شەڕی قارەمانانەی جاددەی سەردەشت – بانە ڕۆڵی بەرچاوی گێراو و لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە ئاوایی قەرەداخ، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی خاتوو “کوبڕا چوگانی”، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو کەسوکاری و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی مەهاباد دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.