دەوڵەتی جۆ بایدێن خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکە بۆ سەرلەنوێ زیادکردنی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە لیستی ڕەشی ڕیکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، شەوی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە هیرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەدژی ئیمارات وعەرەبستان زۆر مەترسیدارە وتی: جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکە بۆ گەڕاندنەوە و زیادکردنی میلیشیا حووسییەکان بە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا یووسف ئەلعەتیبە، باڵوێزی ئیمارات لە ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە بۆ جارێکی دیکە داوای لە ئەمریکا کردووە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران، بگەڕێنێتەوە بۆ نێو لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.
باڵوێزی ئیمارات لە ئەمریکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاش ئەوەیکە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن خرانەوە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە، هەنگاوی دوایی پێشگرتنە لە پشتیوانییە ماڵیی و چەکوچۆڵییەکانی ڕێژیمی ئێران بە میلیشیا حووسییەکان.
لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی عەرەبی، ئورووپایی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ڕۆژی دووشەممە هێرشی تێرۆریستیی میلیشیا حووسییەکانی یەمەنیان بۆسەر دامەزراوە مەدەنییەکانی ئیمارات و عەرەبستان بە توندی مەحکووم کرد.