وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: تاران هیچ جۆرە پێشمەرجێک بە تایبەتی ئازادکردنی گیراوانی ئەمریکایی لە ئێران بۆ سەرکەوتنی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن قەبووڵ ناکات.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە کاردانەوە لەهەمبەر قسەکانی ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کە وتبووی: “ئازادکردنی ئەو چوار هاووڵاتییە ئەمریکاییە پێشمەرجێکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڤییەن” ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن مل بۆ هیچ پێشمەرجێک ڕاناکێشێ و ئێران ئامادەیە لە دانیشتن و وتووێژگەلێکی جیاواز لە دانیشتنەکانی ڤییەن لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتن بکات.
خەتیبزادە لەدرێژەدا وتی: زیادکردن و هێنانە بەرباسی پەروەندەی بەندکراوانی ئەمریکایی لە ئێران بە ڕەشنووسی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، دانوستان و وتووێژەکان قورستر دەکات.
ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە وتووێژەکانی ڤییەن وتی: تاران ڕێککەوتنی کاتی لە دانوستانەکانی ڤییەن قەبووڵ ناکا و ئەگەر ئەمریکا بە بەڵێنەکانی پێشووی پێبەند بێ، ئێران ئامادەیە لەهەمبەر بەندکراوانی ئەمریکایی لە ئێران لەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتن بکات.