پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە بەفربارین و شەختە و سەهۆڵبەندان، هێشتا کێشەی ڕێگەوبان و جاددە و شەقامەکانی پارێزگای لوڕستان چارەسەر نەکراون.
پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە شەپۆلی قورسی بەفر و بارانبارین و شەختە و سەهۆڵبەندان لە پارێزگای لوڕستان، کە بوو بە هۆکاری بەسترانی ڕیگەوبان و جاددە و شەقامەکانی شار و ناوچە و گوندەکانی ئەو پارێزگایە، خەڵکی لوڕستان خۆیان بەفر و شەختەی ڕێگەوبان و جاددە و شەقامەکانیان لابردووە و هەنووکەش کۆمەڵێک لە شار و ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان لەو کێشەیە ڕزگاریان نەبووە و تەنانەت ئەم کێشەیەش بووەتە هۆکاری کۆمەڵێک کێشەی جیددیتر و تەنانەت کارەساتی گیان لەدەستدانی کەسانی نەخۆش لە ناوچە دوورەدەستەکانی لوڕستان کە بەهۆی بەسترانی جاددەکان نەگەیێندرانە نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان.
شایانی باسە کە پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە شەپۆلی بەفربارین و شەختە و سەهۆڵەبەندان، هەر بەپێی هەواڵدەرییەکانی خۆدی ڕێژیم هێشتا ڕێگەوبان و جادەکانی زیاتر لە ١٣٦٣ گوند و کۆمەڵێک لە شارەکانی پارێزگای لوڕستان لە ناوچە جیا جیاکان بەستراون و هەروەها کێشەی پچڕانی کارەبا و ئینترنێت و گازیان هەیە و بەرپرسان و دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەو پارێزگایەش وەک هەمیشە کەمتەرخەم بوون و ئاوڕیان لەو کێشانەی خەڵک نەداوەتەوە و ئەمەش کێشەکانی خەڵکی لوڕستانی قووڵتر و جیددیتر کردووەتەوە.