لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو ١٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئیران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ئاخوندی، ١٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارمەندانی سەهامی عدالەت لە زۆربەی شارەکانی ئێران و لەبەردەم ڕێکخراوی فەرمانگە ناحکومییەکانی تاران، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵای ئێران لە تاران و لە پارێزگاکانی خووزستان وئیسفەهان لەبەردەم بینای سەندووقی پۆڵا لە ناوەندی پارێزگاکان بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کادری دەرمانی تاران لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم، کرێکارانی شارەوانیی مێهران لەبەردەم بینای شارەوانیی ئەو شارە، کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری” میانئاب” بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام لە شوێنی کارەکەیان و خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی لە شارەکانی تەورێز، ڕەشت و مەشهەد لەبەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان بەڕێوە چوو.