لە بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژاوای کوردستاندا لە سێهەم ڕۆژدا، ١٧ شەڕڤانی تر شەهید بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕۆژاوای کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەردەوامیی هێرشی پلاندارێژڕاوەکانی چەکدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە سێهەم ڕۆژدا بۆسەر بەندیخانەی گیراوانی داعش لە شاری حەسەکە، شەڕ لە چەند خاڵێکی نزیک گرتووخانەکە لە گەڕەکی غوێران ڕووی داوەتەوە.
فەرماندەییی گشتیی هێزەکانی سوریەی دێموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاندووە: “لەماوەی سێهەمین ڕۆژی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر گرتووخانەی حەسەکە و ڕووبەڕووبونەوەکاندا، ١٧٥ چەتە کوژراون و ٢٧ شەڕڤانیش شەهید بوون”.
هەروەها هەسەدە ڕایگەیاندووە؛ سەرکردەکانی تێرۆریستەکان لەلای تورکیەن و لە ناوچە داگیرکراوەکانی سەرێکانی پلانی هێرشەکان دادەڕێژێن و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەپێی دانپێدانانی هەندێک لە تێرۆریستە گیراوەکان بە لانیکەمەوە ٢٠٠ تێرۆریستی خۆکوژ لە سەرێکانی و “تەلعوبەید” و هەندێکیش لە عێراقەوە هاتوون و لە گەڕەکی “غوێران” نیشتەجێ بوون و سێ ڕۆژ پێش، دوای شەش مانگ ئامادەکاری، بە ماشینێکی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر گرتووخانەی “سەناعە” لە گەڕەکی غوێرانی شاری حەسەکە و لە چەند خاڵێک، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان تێرۆریستان و هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامە.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابردوو ژێنێڕاڵ “مەزڵووم کۆبانێ”، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە لاپەڕەی تویتێری خۆی ڕایگەیاند، کە ئەم هێرشانەی تێرۆریستانی داعش بە پاڵپشتی و هاوکاریی هێزێکی نێودەوڵەتی بووە، بەڵام ئاماژەی بە ناوی ئەو هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەی نەکردووە.