لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەدژی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب، ٩٠ میلیشیای حووسی کوژران.
هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانیی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانمان بەدژی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٧ هێرشی ئاسمانیمان کردۆتە سەر بنکە ومۆڵگەکانی ئەو میلیشیاگەلە لە پارێزگای مەرئەب و لە ئاکامدا ٩٠ میلیشیای حووسی کوژراون و ٨ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەش بە تەواوەتی تێکشکێندراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی بەرگریی یەمەن لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ڕایگەیاند کە لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەدا لەگەڵ میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە شارەکانی ئەلحبووبە و حەریب، خەسارێکی گەورەمان گەیاندۆتە میلیشیا حووسییەکان و لە ئاکامدا میلیشیاکانمان ناچار بە پاشەکشە کردووە.