هێزی دەریاییی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەستمان بەسەر کەشتییەکی ئێرانی، لە ئاوەکانی عوماندا کە ماددەی تەقینەوەی بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن دەگواستەوە، گرتووە.
ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداوی عوماندا کەشتییەکی بەبێ ئاڵایان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە کە پاش ئەوەی دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە، کەشتییەکە هەڵگری ٤٠ تۆن ماددەی کیمیایی “ئورە” بووە کە ئەو ماددەیە پێداویستی و کەرەستەی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی تەقینەوە و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن نێردراوە.
هێزی دەریاییی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەشتییە ئێرانییە لە ڕێگەی قاچاخەوە ویستوویەتی کە بارەکەی بباتە یەمەن بۆ میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران؛ هەروەها بەرپرسانی ئەمریکایی ئەوەشیان زیاد کردووە کە ئەو کەشتییە پێشتریش لە کەناراوەکانی سوومالی دەستی بەسەردا گیرابوو کە بە هەزاران چەکوچۆڵی تێدا بووە و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نێردراوە بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن.