هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە بەندەرکولاهی ڕاستەوخۆ هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکی ئەو ناوچەیە و تەقەیان لە خەڵک کردووە و ژنێک بریندار بووە و هاوسەرەکەی بە ناوی خوڕەم مەلاحی دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هێرش دەکەنە سەر بەندەرکولاهی و ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکەن، کە لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی”خوڕەم مەلاحی” دەسبەسەر دەکرێ و هاوژینەکەی بە توندی بریندار دەکرێ.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بیانووی ماددەی هۆشبەر هێرشیان کردۆتە سەر بەندەرکولاهی هەڵکەوتوو لە شاری میناب لە پارێزگای هورموزگان و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە کە لە ئاکامدا دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم دەبنەوە کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئیسپرەی بیبەر ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە و کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەو ناوچەیە بریندار دەکەن.