خاتوو “هاجەر نیروومەند” خوشکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی لاجانی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو “هاجەر نیروومەند “خوشکی دوو برای شەهید، شەهیدان “خالید نیروومەند” و “واحید نیروومەند”، لە ئاوایی حاجی غەڵدەی پیرانشار بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دادە هاجەر خاتوونێکی نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوو ،خوشکە هاجەر بەردەوام خۆی بە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی برا شەهیدەکانی دەزانی و ئاوات و ئارەزووی هەرەگەورەی سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات و بزوتنەوەکەی بوو.
شایانی باسە کە شەهید “خالید نیروومەند” پێشمەرگە لە هێزی ئەفشین لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ناوچەی ورمێ دوای چەند کاتژمێر شەڕ و بەربەرەکانی بە دیل دەگیرێت و پاش ماوەیەک مانەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە ئیعدام دەکرێت؛ هەروەها شەهید “واحید نیروومەند” پێشمەرگەی هێزی ئاوارە لە شەرێکی نابەرابەردا لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی شەهید دەبێ.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی خاتوو “هاجەر نیروومەند”، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی نیروومەند و هەموو کەسوکاری و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی پیرانشار دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.