ئاماژە:
[ئەم نووسینەی “ساکار” کە لە ژمارەی ١ی گۆڤاری “٢٦ی سەرماوەز” لە ساڵی ١٣٦٣دا بڵاو بۆتەوە، گێڕانەوەی چیرۆکی مەزنی و حەماسەخوڵقێنیی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. لەو نووسینەدا چەند ناو هاتوون کە “مامۆستا”، بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، “مەنسوور”، کاک مەنسوور خوسرەوی، کادری پێشووی ڕادیۆ دەنگی کوردستان و “کەریم”، نەمر کەریم عەبباسی (شڵماشی)یە کە بەداخەوە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار کۆچی دوایی کرد. هەروەها بەڕێز مامۆستا حەسەنزادە درکاندی کە “ساکار”، نووسەری ئەم بابەتە بەڕێز بێهرووز کوردئەحمەدییە.]
هەشت شەو و ڕۆژی ڕەبەق بوو دوژمن بێپسانەوە و بەوپەڕی دڕندەییەوە بست بە بستی ئەو ناوچەیەی بە تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا دەکوتا. هەشت شەو و ڕۆژ بوو لە سەنگەر و لە ماڵ و لە چادر، خەو لە چاوان تەرە ببوو. زەوی دەلەرزی و ماروموور و جڕوجانەوەر ئۆقرەیان لێ هەڵگیرا بوو. دوژمن بە هێزێکی تەیار و بێهەژمارەوە پەلاماری ناوچەی “ئالان”ی دابوو و دەیەویست بۆ هەزارەمین جار بەختی ڕەش و ناپیرۆزی خۆی تاقی کاتەوە. هەشت شەو و ڕۆژ بوو پێشمەرگە و خەڵک شان بە شانی یەک و گیانلەسەردەست و دەستبەچەک، بەرانبەر نۆکەرانی ئیمپریالیزم ڕاوەستابوون و هەردەم و ساتێک حەماسەیان دەخوڵقاند و بەکرێگیراوانیان لە خاک و خۆڵ دەگەوزاند. تەنانەت بۆ ماوەی پێنج دەقیقەش، دەنگی سامناکی تۆپ و خۆمپارە کپ نەدەبوو. جارجارەش قیژە و هاژەی فڕۆکەئاسای چەندین مووشەکی کاتیۆشا خەبەری دەدا کە چەند سانیەی دیکە جەهەننەمێک لە تەپ و تۆز و ڕمان و ڕووخان دروست دەبێ و هەرشتێک وەبەر کەوێ پاکی دەسووتێنێ و شوێنەواری لێ نامێنێ.
یەک دوو ڕۆژی ئەوەڵی شەڕەکە جارجار پاش تەقینەوەی تۆپ یا خۆمپارە منداڵان دەترسان، سەریان لێ دەشێوا و نەیاندەزانی چ بکەن. بەڵام بەرە بەرە ئەوانیش ترسیان شکا و لەوە بەدواوە لەگەڵ یەکەم تەقە، خۆیان دەگەیاندە کونەتەیارە و جێگای قایم و وەڵامی گرمە و قرمەی چەکی ماڵوێرانکەری دوژمنیان بە هاواری “ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان- نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان” دەدایەوە و، خۆشییان لە دڵ دەگەڕا کە دەیاندی پێشمەرگە بە گوندەکەیاندا هاتوچۆ دەکەن و جاروباریش لە ماڵی ئەوان لا دەدەن و نان و ئاوێک دەخۆن. ئەو خۆشییە لە ڕوومەتیان و لە پێکەنینیاندا دیار بوو.
ئەوان منداڵ بوون، بەڵام تەبیعەتی شەڕ بۆ چەند ڕۆژیش بێ، ڕواڵەتی ئینسانێکی بەتەمەنی پێ دابوون. هەر سەعاتی پێنجی دوانیوەڕۆ دەهات، ڕادیۆکان وە کڕەکڕ دەکەوتن و لە هەر کوێ بای، لە دە جێگا زیاترەوە “دەنگی کوردستانی ئێران” لەبن گوێت دەنگی دەدایەوە، کە جار جار لە بەرنامەکەی حاڵی نەدەبووی. خەڵک هەرچەند هەموو سات و کاتێک بە هاتوچۆی پێشمەرگە و هێزی بەرگریدا دەیانزانی چ باسە لە فڵان جەبهەدا دژمن وەزعی چۆنە و لە کوێوە تووشی زەربەی گورچووبڕی ڕۆڵە قارەمانەکانی گەل هاتوە، بەڵام بۆ ئەوان بەڵگە هەر ڕادیۆی دەنگی کوردستان بوو.
هێزەکانی ڕێژیم لە چەند جەبهەی وەک (هۆمل) و (ئەسپەمێزە) و (زەردکە) تەلەفاتێکی زۆریان دابوو تا توانیبوویان چەند سەد میترێک پێشڕەوی بکەن. دوژمن بۆ هەر بست پێشڕەوی چەندین بەکرێگیراوی خۆی لە دەست دەدا، کە ئەوە بەرچاوترین سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە بوو. هێزی بەرگرییش بەوپەڕی قارەمانەتی و فیداکارییەوە شەڕی دەکرد و چەندین عەمەلیاتی بەرچاو و گرینگ بە ناوی ئەوانەوە سەبت کرا، کە لەواندا زۆر حەماسەیان خوڵقاند و دەسکەوتی چاکیشیان هەبوو.
لەنێو قارەمانەکانی هێزی بەرگریی ناوچەدا سیمای جوان و بە ورەی چەند شێرەکچی تفەنگ لەشان دیاربوو کە شان بە شانی براکانیان لە جەبهەدا دژی پەلاماردەران شەڕیان دەکرد و بوونیان لە جەبهەدا، مەودای نەدەدا کە هیچ پیاوێک تەنانەت بۆ ساتێکیش بیر لەوە بکاتەوە کە لە شەڕ و دیفاع خۆی ببوێرێ. ئەو شێرەکچانە بە بوونیان و بەشداریکردنیان لەو شەڕەدا جارێکیتر سەلماندیان کە ژنانی کوردستان وەک چۆن لە مەیدانی ژیاندا ئەرکی خۆیان بەجوانی و بە لەباری ئەنجام دەدەن، لە جەنگەی جەنگیشدا کەم لە پیاوان نین و لە ڕۆژی تەنگانەدا فیداکارتر و دلێرتر لە خۆیان هەر خۆیانن.
حیزب بڕیاری دابوو دیفاعێکی کەموێنە لە ناوچە بکا و ئەگەر قەرار بێ ناوچە بگیرێتەوە دوژمن نرخی پێشڕەویی خۆی بدا. چەند ڕۆژ بوو خەڵک بەرە بەرە خۆیان لە ئاگری دوژمن دوور دەکردەوە و بەتایبەتی ژن و منداڵیان بەڕێ دەکرد. دوژمن بە دانی ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار و لەدەستدانی چەک و تەقەمەنیی زۆر هاتبۆوە نێو گوندی بێژوێ و کەمکەم بەرەو دێی دولکان پێشڕەویی دەکرد. ڕۆژی نۆهەمی شەڕ، دەفتەری سیاسیی حیزب و ڕادیۆی دەنگی کوردستان کە مەقەڕەکانیان لێک نیزیک بوون، لە یەک جێدا جێگیر بوون.
دەفتەری سیاسی لە نیزیکەوە فەرماندەیی جەبهەکانی دەکرد و ڕادیۆش بە ڕێکوپێکی خەبەرەکانی کۆ دەکردەوە و بە خەڵکی ڕادەگەیاند. پێشمەرگە لەسەر “نۆڕی” کە وەک کەللـەقەند لە نێوەڕاستی ناوچەی ئالاندا چەقیبوو، سەنگەریان دامەزراندبوو و چاوەڕوانی جووڵانی دوژمن بوون. لە ماوەی ڕۆژدا سەدان گوللـە تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا تەنیا لە لووتکەی نۆڕی دەدران. جارجار بیرم دەکردەوە کە داخوا ئەو قارەمانە گیانبازانە لەو وەختەدا کە تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا لە پەناگوێیان دەتەقێتەوە چ دەکەن؟ ئەوانە دەبێ چەندە ئیمانیان هەبێ کە دەتوانن بەرانبەر بە دەڕندەترین دوژمنانی ئازادی و ئینسانییەت ڕابوەستن و تەنانەت تاوێک لە بەربەرەکانی نەوەستن؟
ئێمە لە خوارێ لە داوێنی نۆڕی خەریکی کاروباری ڕادیۆ بووین. زۆر جار بۆ تۆمارکردنی بەرنامەکان تووشی زەحمەت دەبووین، چونکە دەنگی تۆپ و خۆمپارە بەبێ نێوبڕ هەر درێژەی هەبوو و لە تۆمار کردندا دەنگی دەدایەوە، بەڵام چار نەبوو، ئێمە مەجبوور بووین کاری خۆمان بکەین.
یەک دوو ڕۆژ بوو “کەریم” کە تفگەنگەکەی تەنانەت بۆ دەقیقەیەکش لە خۆی دوور نەدەکردەوە، پڕتەوبۆڵەی دەهات و هەر چاوی بەم لاولاودا دەگێڕا. ئەمن پێموابوو دەترسێ، بەڵام هیچ شوێنەواری ترسیشی لێ دیار نەبوو، تەنیا قەڵسی و بێتاقەتیی لێ دەباری. جارجار کە لێم دەپرسی: “کەریم گیان چۆنی؟ ماندوو نەبێ”، بەبزەوە دەیگوت: زۆر چاکم، سوپاست دەکەم، سەگباب لە ترسان هەر تۆپان داوێ!
بەو قسەیە لە پێشدا پێکەنینم دەهات، ئەمما ئەگەر بیرم لێ دەکردەوە دەمدی ڕاست دەکا. ڕێژیمێک کە نەتوانێ بەسەر دڵی خەڵکدا حکوومەت بکا، هەرگیز ئاوی خۆش ناخواتەوە. ڕێژیمی ئاخوندی بەڕاستی لە ترسان ئاوا هار بووە و خەڵک دەکوژێ. ئەگەر ئەم ڕێژیمە توانیبای داوا ڕەواکانی خەڵک بەدی بێنێ، ئەودەم وڵات دەبوو بە بەهەشتی بەرین. بەڵام کوا ماهییەتی ئاخوندەکان ئیجازە دەدا ئازادی و مافی خەڵک بدرێ. ئەوان هەموو پردەکانی پشتی سەریان ڕووخاندوە و ئیتر چارەیەکیان نییە بێجگە لە شەلم، کوێرم، کەس نابوێرم! کەریم ڕاستی دەگوت، بەڕاستی ڕێژیم لە ترسانە کە بە چنگ و ددان بە شەڕ دێ، چونکە دەزانێ هەموو خەڵک بە خوێنی تینوون و هەرگیز لە دوژمنی سەروماڵیان خۆش نابن.
سێ چوار مانگ بوو کەریم وەک پێشمەرگەی پارێزەری بنکەی ڕادیۆی دەنگی کوردستان خزمەتی دەکرد. لە قرچەی تاقەت پڕووکێنی هاویندا کە دەرەجەی گەرما بە ٥١ دەگەیشت، کەریم ڕاست ساعەتی یەکی دوانیوەڕۆ وەڕی دەکەوت و نەوارەکانی بۆ “فرستندە” دەبرد، ئەویش پۆشتەوپەرداخ بە کەواپانتۆڵ و دوو سێ کراس و فیشەکدان و چەک و ڕادیۆیەک، فەرەنجییەکی هەورامییشی لەسەر!
دەمگوت: کەریم ئاخر بەم هاوینە لانیکەم ئەو فەرەنجییە فڕێ دە. مشەیەکی دەهات و دەیگوت: ناوێرم ئاخر گەرمام دەبێ! ئەوە پێشی گەرما دەگرێ! لەبیرمە ڕۆژی هەوەڵ هاوڕێی مەسئوول پێی گوتم: کەریم پێشمەرگەیەکی باشە، کوڕی ڕۆژی تەنگانەیە، با لای خۆمان بێ. بەڵام من بەلای خۆمە دەمگوت ئاخر کەریم بەو بێهێزییەوە کە هەر لاکەی سەری دێ، دەبوو لە بنکەیەکی دوور لە جەبهەدا بێ، نەک لە بنکەیەکی وەک ڕادیۆ کە هەمیشە لەوانەیە خەتەری بێتە سەرێ. ئەو فکرەش هەر لەوەڕا سەرچاوەی دەگرت کە بەلای منەوە کەریم دەترسا، بەڵام بەڕواڵەت نیشانی نەدەدا. ڕۆژان لە گەرمای بێبەزەیی نیوەڕۆدا کە دەچووینەوە لای کانییەکە و خۆمان وەبەر ئاوە ساردەکەی دەدا، کەریم بە تفەنگ و فیشەکدانەوە دەهاتە نیزیک، بەڵام نەمدەدی جلەکانی دانێ و لەو ئاوە ساردەدا مەلە بکا. ئەوانە هەموو باوەڕی منیان پتەوتر دەکرد کە کەریم دەترسێ و ئەو ترسەش ڕۆژێک لە ڕووداوێکدا دەنگ دەداتەوە و خۆی دەنوێنێ. هەمیشە ئارەزووم دەکرد ئەو ڕۆژە نەبینم، چونکە بەڕاستی کەریمم خۆش دەویست، لەبەر ئەوە کە ئەرک و کاری خۆی بە ڕێکوپێکی و بە لەباری ئەنجام دەدا. بەلای خۆمەوە دەمگوت پێشمەرگەیەک لە ترسی گیانی بە تەنێ هەرگیز ناتوانێ لە ڕاست ئامانجیدا تێبکۆشێ. پێشمەرگەی ترسەنۆک بەقەد دوژمنێکی بەهێز بۆ گەلەکەی زیانی هەیە. بەڵام پێشمەرگەی نەترس و وریا هەرگیز دوژمن پێی ناوەستێ.
سێ شەو بوو نەخەوتبووین. نەنووستن، ماندوویی و زیاتر لە هەموان خەفەتی ئەو خەڵکە هەژارە کە دوژمن ماڵ و حاڵی بەر تۆپ و خۆمپارە دەدان و مەجبووری دەکردن پۆلپۆل زێد و گوندی خۆیان بەجێ بێڵن، بەیایی [گریانی بەکوڵ] و بێ تاقەتییەکی سەیری بۆ پێک هێنابووم، بە جۆرێک کە قەرار و ئارامم نەبوو. بەڵام گرمە و تەقەی دوژمنانی ئازادی و ئینسانییەت ڕای دەچڵەکاندم کە وەختی بێقەراری و بەیایی نییە و دەبێ کاروبار هەڵسووڕێ. ئێوارێ خەبەر هات کە ژمارەیەک پێشمەرگەی تازەنەفەسی حیزب چوونەتە سەر نۆڕی و ئامادەی بەربەرەکانیی دوژمنن. دیار بوو بەکرێگیراوانی ڕێژیم، دەیانەوێ پەلاماری ئەو بەرزاییە بدەن. لە ساعەت ٦ی نیوەڕۆوە ئەو لوتکەیە توندتر لە هەمیشە کەوتە بەر ئاگری بێوچان و پەیتا پەیتای تۆپ و خۆمپارە و کاتیوشا و زەوی زەمان بەو دەنگە بەسامە دەلەرزی و بست بە بستی گۆڕەپانی لوتکەکە بە تۆپ دەکێڵرا و بە خۆمپارە قووڵ دەکرا. کەس نەیدەتوانێ بزانێ کە چەند تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا بووە بە میوانی بەردە سەختەکانی نوڕی؟
دوژمن دەیەویست لە پێشدا ئەو شوێنە بە چەکی قورس بکوتێ و پاشان بێتە پێشێ، ئەوان لەم تاکتیکە زۆر جار کەلکیان وەردەگرت و تا ڕادەیەک سەرکەوتن. ئەو شەوە هێرشەکە بۆ سەر ئەو شاخە بەتەواوی فەرقی هەبوو. تەنانەت بۆ پێنج سانیەش دەنگی تەقینەوە نەدەبڕا. بەرەبەرە کە هەوا تاریک داهات، ئاگری تەقینەوەشمان لێ دیار بوو. ئێمە هەر لە خوارەوەی نۆڕی بووین. تا ئەو وەختە کەس لە گوندەکان نەمابۆوە. دەفتەری سیاسی و ڕادیۆی دەنگی کوردستان هەر لە جێگای خۆیان بوون و پێشمەرگەکانیش لە سەنگەرەکانیاندا بەرانبەر بە دڕندانەترین پەلاماری ڕێژیم ڕاوەستابوون. لوتکەی بەرز و ئەو ئاگربارانە سەیرە ببووە نوختەگۆڕانێک لە مێشکی مندا. کەس بە بیریشدا نایە کە شەوێکی ئاوا بەسام، شاهیدی شانۆیەکی وا نەدیتراو بێ. هەزاران خۆمپارە و تۆپ و کاتیۆشا، هەموو بە ڕەگبار، لوتکەی نۆڕی و نیوەی داوێنەکەی دەکوتا و دەکێڵا. بەلای خۆمەوە دەمگوت داخوا ئەو گیانبازە دلێرانە لەو سەرەوە چ دەکەن؟ ماون یا مردوون؟ چۆن لەگەڵ ئەو هەموو دەنگە بەسامە و نیزیکە هەڵدەکەن؟ نەکا هەموویان شەهید بووبن؟ خۆ مێروولەش بەو چکۆڵەییە و لەو ئاگربارانە ڕزگاری نایە، تا بگا بە دەیان ئینسانی گەورە، کە بەڕاستی قورس و قایم وەک نۆڕێ ڕاوەستاون!
ئێمە خەریکی تۆمارکردنی بەرنامەی ڕادیۆ بووین و ئیتر گوێشمان نەدەدا کە دەنگی تۆپ و خۆمپارە، کە ئێستا ئیدی بەرە بەرە نیزیک دەبۆوە، تێکەڵی بەرنامەکە دەبێ. بڵا [با] خەڵک گوێیان لێ بێ کە حیزبی تێکۆشەری گەلی کورد لەنێو ئاگر و ئاسندا هەواڵی شەڕیان پێ ڕادەگەیەنێ و تا دواکات بنکەیەکی گرینگ و ناسک وەک ڕادیۆکەی ناگوێزێتەوە. بڵا هەموو جیهان بزانێ کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند کەس لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی لە خەتی پێشەوەی جەبهە، شان بە شانی پێشمەرگە بەرانبەر بە دوژمن ڕادەوستن و بەو کارە نیشان دەدەن کە ڕەمزی خۆشەویستیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چیدایە. حیزبێک کە ئامادە بێ لەگەڵ گەلەکەی بژی و بمرێ، هەرگیز ژێر ناکەوێ و شیرازەی ژیان و بوونی لەبەریەک ناڕەوێ.
هەر جار کە چاوم لە لوتکەی نۆڕی دەکرد، لەپێشدا ئاگر بوو کە وەک هەورەتریشقە تیشکی دەدایەوە و پاش چەند سانیە دەنگە پڕ سامەکەی پەردەی گوێی دەلەرزاندەوە و ئازاری دەدا. تۆمارکردنی بەرنامە لە ئاخر و ئۆخری خۆی نیزیک دەبۆوە. ئێستا ئیتر تۆپ و خۆمپارە تەنانەت دەنگی یەکیان دەبڕی بە جۆرێک کە دەتگوت هەورێکە دەگرمێنێ و ئەو گرمەیە هەر دوایی نایە. دوو ڕۆژ دوای شەڕەکە کە خەبەر هات کە ئەو ژمارەیە لە قارەمانانی حیزب و گەل، بێئەوەی خوێنیان لە لووت بێ، تا ئاخیر خۆمپارە و تۆپی دوژمنیان لەسەر پەڕاندوە لە لوتکەی «نۆڕی»وە سێ جار پەلاماری پیادەنیزامی ئەرتەشی و پاسدار و جاشیان تێک شکاندوە و بە دەیان کەلاکیان لێ خستوون و پاشان بەبێ شەهید پاشەکشەیان کردوە و دوای بیستنی ئەو خەبەرە خۆشە، سڵاوم نارد بۆ ئەو دایکانەی ڕۆڵەی وا پەروەردە دەکەن.
سەعات ١١ی شەو بوو کە “مەنسوور” دەستی برد دەزگای کوژاندەوە و گوتی: ئەوە ئەم بەرنامەیەش، دەبا هەر حەپەی بێ! هێشتا قسەکەی تەواو نەببوو کە گرمەیەکی پڕ خرۆش و زۆر نیزیک، داروبەردی لەرزاندەوە و پڕیشکی ئاگر تا بەردەرکەی بێدەرکەی کۆخەکەی داگرت. بەپەلە هەستاین و دەستمان بە کۆکردنەوەی وەسایلەکان کرد. لە ماوەی چەند دەقیقەدا ئەوەی پێویست بوو لەو جێگایە نەمێنێ، پێچرایەوە و ئامادەی ڕاگوێزتن کرا. پێشتر دیاری کرابوو کە هەر کەسە چی هەڵگرێ و چۆن وەڕێ کەوێ. هەموو تفەنگ و ڕەزمەمان توند کرد و کۆڵەپشتیمان بەست. من لە کۆخەکە هاتمە دەر، هێشتا بەتەواوی سەرم هەڵنەهێنابۆوە کە ڕەگبارێکی ٨ دانەیی خۆمپارەی ١٢٠ دەوروبەری کۆخەکەی داگرت و هەزاران پڕیشکی ئاگر، ئەو تاریکییە ئەنگوستلەچاوەی وەک ڕۆژی ڕووناک کردەوە.
خەتەرمان زۆر لێ نیزیک بوو، هەڵبەت خەتەری تۆپ و خۆمپارە، ئەویش چونکە هێشتا نەوارەکانمان بەڕی نەکردبوو. لەو جێگایەدا تا “فرستندە”ی ڕادیۆ لە ڕۆژدا ٢ سەعات ڕێگا بوو، شەویش حاڵی مەعلوومە. دوژمن تەواوی ئەو مەسیرەی ئاگرباران دەکرد. مەسەلەی گرینگ لەم کاتە ناسکەدا ناردنی نەوارەکانی ڕادیۆ بوو.
ڕەگبارێکی دیکەی خۆمپارە چۆرتی فکری دڕاندم، بەپەلە هەموو خۆمان لە پەنا بەرد و دار حەشار دا. هێشتا ڕۆشنیی پڕیشکەکان نەمردبوو کە دیتم “مامۆستا” لەو جێگایەی ڕاوەستابوو هاتە پێش و بیستم گوتی: کەریم! نەوارەکان هەڵگرە و بڕۆ، بە ڕێگای ئەو بەردا بڕوێ چاکترە… هاتم شتێک بڵێم بەڵام دەنگم دەرنەهات. هەزار و یەک خەیاڵ وەک فیلمی سینەمایی بە بەرچاومدا هاتن و چوون. هەموو حەڕەکات و قسەکانی کەریمم بۆ زیندوو بوونەوە. هاتەوە بیرم کە ئارەزووم دەکرد ڕۆژی دەنگدانەوەی ترسەکەی کەریم بە چاو نەبینیم و بە گوێ نەبیستم. کەچی لە شەوێکی وا ناسک و پڕ مەترسیدا تووشی ئەو کارەساتە تاڵە هاتووم. هەموو ئەم بیر و خەیاڵاتەم سانیەیەکی پتر نەخایاند. لە خۆم دەر هاتم و سەرم بەرز کردەوە. لەم کاتەدا گڕوگرمەی تۆپ و خۆمپارەی تازە، دەوروبەری ڕووناک کردینەوە. هێشتا ئاخیر کەلیمەی قسەی مامۆستا تەواو نەبوو، کە دیتم کەریم پڕی دایە هەوساری ئەسپەکە و بە تەکانێک سوار بوو و جڵەوی سووڕاند. هاوارێک لە دەروونمدا بەرزبۆوە: ئاخ… کەریم ڕای کرد. ترسەکەی بەسەردا زاڵ بوو، بۆچوونەکەت ڕاست دەرچوو… دڵم هاتە لەرزین و ئارەقەیەکی سارد سەراپای داگرتم. فاجیعەکە ڕووی دابوو. لەم وەختەدا دەنگی کەریم لەگەڵ دەنگی پێی ئەسپەکەی هاتە بەر گوێم: “خوداحافیز، ئاگاتان لە خۆ بێ، بەیانی دەتان بینمەوە.”
بە جارێک ترس و سەرما و لەرزین و تەزینم لێڕەوین و بێدەنگ کەوتمە پێکەنین و مەلی شادیم هاتە فڕین. ئاگر و ئاسن و دەنگ و پڕیشک هەروا بەردەوام بوون، بەڵام من پێموابوو ئەوە دەنگ و نووری سەرکەوتنە، سەرکەوتنی من و کەریم، سەرکەوتنی ئارەزووی قەلبیم و تێشکانی بۆچوونە چەوتەکەم. ئێستا ئیتر ئێمە ساز ببووین و بەرەو شوێنی دیاریکراو دەڕۆیشتین، بەڵام من هەر لەگەڵ کەریم بووم و ئاواتم دەخواست کە ساغ و سڵامەت بگاتە جێ، با جارێکی دیکە بیبینمەوە و کوڵمە چرووک و قووڵەکانی ماچ کەمەوە.
دوژمن حەقیەتی لە ترسان تۆپ باوێ، ئەو لە کەریم و کەریمەکان دەترسێ.
***