سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا، پیرۆزبایی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکات و ئاماژەی بە ڕۆڵ و کەسایەتیی بەرزی قازی محەممەد، پێشەوای گەلی کورد داوە.
سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە کە قازی محەممەد کەسایەتیی خۆشناو و پێشەوای گەلی کورد لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا، کۆماری کوردستانی دامەزراندووە.
سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران، ئاماژەی بە پێوەندی چڕوپڕی قازی محەممەد لەگەڵ ڕووناکبیران و خوێندکارانی ئەو سەردەم کردووە و ئاستی بەرزی کەسایەتی و توانای زمانەوانیی پێشەوای بە یەکێک لە ڕەهەندە جیاوازەکانی کەسایەتی قازی محەممەد زانیوە.
هەروەها لەو ڕوانگە فەرمییەی موجاهیدینی خەڵکدا، ئیشارە بە خزمەتە بەرچاوەکانی قازی محەممەد لەماوەی ١١ مانگ تەمەنی کورتی کۆمار کراوە و بوێری و لێهاتوویی پێشەوای لە دادگای ڕێژیمی پاشایەتی بە نموونەی دڵسۆزیی ڕێبەرێک بۆ مییللەتەکەی ناو بردووە.