ماوەی ٣ ڕۆژە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان و تێرۆریستانی گرووپی تێرۆریستیی داعش بەردەوامە و ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕۆژاوا شەهید بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕۆژاوای کوردستان؛ ڕۆژی هەینی هێرشی تێرۆریستانی گرووپی تێرۆریستیی داعش بۆ دەستەبەرکردنی هەلی هەڵاتن بۆ گیراوانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە کە لەلایەن هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە گیراون، لەلایەن هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە بەرپەرچ دراوەتەوە و کۆمەڵێک لە تێرۆریستیانی داعش کوژراون؛ هەروەها لە هەینییەوە تاکوو ئێستا بەردەوام هێرشەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بۆسەر ڕۆژاوا بەردەوامە.
ڕۆژی یەكشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ هەتاوی، هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەکانی داعش ١٧ کەس لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کارمەندی دەزگا خزمەتگوزارییەکان شەهید بوون و ٢٣ شەڕڤانیش لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر بەندیخانەی پیشەسازی بریندار بوون”.
هەر لەم پێوەندییەدا ژێنێڕاڵ “مەزڵووم کۆبانێ”، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە لاپەرەی تویتێری خۆی ڕایگەیاندووە؛ هێزەکانیان بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرجەم ھەڵاتووەکانی گرتووخانەی “غوێران” لە کانتۆنی حەسەکەیان گرتووەتەوە.
ژێنڕاڵ کۆبانێ، ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم هێرشانەی تێرۆریستانی داعش بە پاڵپشتی و هاوکاریی هێزێکی نێودەوڵەتی بووە، بەڵام ناوی ئەو هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەی نەبرد.