ڕێژیمی ئێران بۆ چەند جارێکی دیکە کارەبای کارگاکانی تواندنەوەی ئاسنی بەهۆی قیرانی وزەوە بڕیوە و کارەبا بەشی کۆمپانیا گەورەکان ناکا.
بەپێی ڕاپۆرتی تەسنیم سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی کەمیی گاز بە تایبەتی لە ناوچەی باکووری ئێران، ئیدارەی کارەبای ناوچەیی تاران لە نامەیەکی بە پەلە بە ژمارەیەک لە کۆمپانیا و کارگاکانی تواندنەوەی ئاسنی ڕاگەیاند کە کارەبای کۆمپانیا و کارکاگانی تواندنەوەی ئاسن لە ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە دەپچڕێن.
لەو نامەیەدا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە کاتی گەڕانەوەی کارەبا بۆ ئەو کۆمپانیا و کارگایانە کەی دەبێت؛ “محەممەد ئێحرامیان” بەرپرسی یەکێک لە یەکەکانی تواندنەوەی ئاسن، بە ئاماژە بە داخرانی کارگاکان بەهۆی نەبوونی کارەباوە وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بارەیەوە وڵامدەر نییە و هیچ پشتیوانییەک لەو پیشەیە ناکا و ئەگەریش بیکات تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنێ.