ڕۆژنامەی حکومەتی “جەهانی سەنعەت”: ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕۆژبەڕۆژ بەربڵاوتر دەبێ و خەڵکی ئێرانیش ڕۆژبەڕۆژ هەژارتر دەبن.
ڕۆژی شەممە ٢ی ڕیبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕۆژنامەی “جەهانی سەنعەت” کە ڕۆژنامەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لە بابەتێک لەژێر ناوی “ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر دەبن” نووسی: “لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی تا ساڵی ١٤٠٠ و هاتنەسەرکاری دەوڵەتی ڕەئیسی نرخی هەر دۆلارێک ٢٧ بەرابەر زیادی کردووە و توانای کڕین خەڵکی ئێرانی بەرەو لاوازی ڕۆیشتووە و لە پێنج ساڵی ڕابردوودا نرخی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر بڕستی لە خەڵک بڕیوە و توانای کڕینی خەڵکی ئێرانی وەک بەفر تواندووەتەوە و خەڵک هەژارتر بوون و ئەو ڕەوتی هەژارییەش بەردەوامە.
لەماوەی ڕابردوودا ڕۆژبەڕۆژ نارەزایەتییەکانی خانەنشینکراوان، مامۆستایان، فەرمانبەرانی دەزگای قەزایی، ئەو کەسانەی لە بوورسی تاراندا سەرمایەگوزارییان کردووە و هەروەها گرووپ و حیزبە سیاسییەکان، بەربڵاوتر دەبێ و ئەو جێو و توێژانە ناڕەزایەتیی خۆیان لەو دۆخەی کە لە ئارادایە بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەبڕن.
ئەو سەرچاوە حکومەتییە ئەوەشی زیاد کرد کە ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەگەر بارودۆخی ئابووری نەگەڕیتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و جێگیر نەبێتەوە، تووشی کێشەگەلێکی جددیتر دەبینەوە و ئەو ڕەوتە لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی و ئابووری و هەروەها لە سیاسەتی دەرەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێ و ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر دەبن.