وەزارەتی ئابووری و دارایی کۆرەی باشوور ڕایگەیاند کە، بڕی ١٨ میلیۆن دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەی، وەکوو قەرزی دواخراوی ئێران بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوەتە ئەو ڕێکخراوەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “یوونهاپ” دەوڵەتی کۆرەی باشوور دوای وتووێژکردن لەگەڵ ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاواهەنگی لەگەڵ دەفتەری کۆنتڕۆڵی داراییەکانی دەرەوەی ئەمریکا، بڕی ١٨میلیۆن دۆلار لە پارەی بلۆکەکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە وڵاتی کۆرەی باشوور، داوەتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی کە قەرزداری نەتەوە یەکگرتووەکانە، مافی دەنگدانی لێ ستێندراوە، ئەمەش وایکرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناچاری داوا بکات کە لە داراییە بلۆکەکراوەکانی لە وڵاتی کۆرەی باشوور ئەو قەرزەی بدرێتەوە بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ئێستادا زیاتر لە ٧میلیارد دۆلار پارەی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە دوو بانکی کۆرەی باشوور بلۆکە کراوە.