ئێران، پێشنیاری کاتیی ڕووسییەی لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕەتکردەوە.
بەپێی ئەو پێشنیارە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر رێژیمی ئێران لادەچێ بەو مەرجەی کە ڕێژیمی ئێرانیش پێبەند بێت بە بەڵێنە ناوکییەکانی.
تۆڕی مێدیایی CNBC ی ڕووسیە لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامی بۆ مۆسکۆ ئاشکرای کردووە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کاتییە ناوکییە، بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن، بەو مەرجەی کە کۆماری ئیسلامی پێبەندی هەموو ئەو بەڵێنانە بێ کە لە بەرجامدا هاتوون؛ بەڵام ئێران تا ئێستا ملی بۆ ئەو ڕێککەوتنە ڕانەکێشاوە.
ڕووسیە پێشنیاری کردووە کە ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ ڕابوەستێنێ و کۆگاکانی ئێستای ئۆرانیۆمی پیتێندراو ڕادەستی ڕووسیە بکا و هەروەها پێبەندبێ بە بەڵێنەکانی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەتا ٢٠ و مەرجەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی پێشوو جێبەجێ بکات.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لەبەرانبەر جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەدا، ١٠ میلیارد دۆلار پارە بلۆکەکراوەکانی لە کۆرەی باکوور، ژاپۆن و عێراق ئازاد دەکرێ و هێندێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئەو رێژیمە لادەچێ.