“ئاندێرش ئۆستێربێری” ، ئەندام پەرلەمانی سوئێد لەسەر لیستی سۆسیال دێموکرات، بۆ پشتگیریکردن لە مامۆستا “زارا محەممەدی” کە لە سەرەتای مانگی ژانویەی زایینییەوە لە گرتووخانەیە و سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی سوئێد کرد.
ئۆستێربێری وەک خۆی دەڵێ: “کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت ڕێز لە یاساکانی خۆشی ناگرێ، بۆیە مامۆستایەک دەسبەسەر دەکا کە سەرقاڵی وانەوتنەوە و فێرکردنی زمانی کوردییە کە ئەمەش مافی هەموو منداڵێکە”. مەبەستی “ئۆستێربەری” جیا لە پیشاندانی پشتگیری بۆ مامۆستا زارا محەممەدی و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگادارکردنەوەی حکومەتی سوئێد و وەزیری دەرەوەی سوئێد خاتوو “ئان لیندێ”یە بۆ ئەوەی بە ڕێگای دیپلۆماسییەوە گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران و هەوڵ بۆ ئازادکردنی مامۆستا زارا بدرێ.
شایانی باسە کە “ئاندێرش ئۆستێربێری” دۆستی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتە و بەهۆی پێوەندیی چڕوپڕی لەگەڵ بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی ذێموکراتی کوردستان، بۆ جاری دووهەمە لەدوای تێرۆری شەهید “مووسا باباخانی” و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر حیزبی دێموکرات بە فەرمی داوای هەڵوێست لە حکومەتی سوئێد دەکا.