خاتوو “خەدیجە حەسەنزادە” خۆشکی شەهید “خالید حەسەن زادە”، یەکێک لە قارەمانەکانی شەری چیانە لە مەڵبەندی پیرانشار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو “خەدیجە حەسەنزادە” خۆشکی شەهید “خالید حەسەنزادە”، یەکێک لە قارەمانەکانی شەری چیانە لە مەڵبەندی پیرانشار ماڵئاوایی یەکجاری لە بنەماڵە و خۆشەویستانی کرد.
خاتوو خەدیجەی زەحمەتکێش ھەڵگری دەریایەک لە خەم بەهۆی لەدەستدانی برای شەهیدی و باقیی شەهیدانی بنەماڵەکەی بوو کە بەداخەوە دوای نەشتەرگەری لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا بۆ ھەمیشە چاوەکانی لەسەر یەک دانا و خەمێکی گرانی خستە نیو ناخی ھەموو خزم و کەسوکار و ئاشنا و ناسیاوانی.
جێی ئاماژەیە کە شەهید خالید حەسەنزادە، لەدایکبووی گوندی قسقەپان و پێشمەرگە لە هێزی ئاوارە، ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شەڕی حەماسی چیانە، تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو بوو. شەھید خالید ناسراو بە (خالیدی حەمە سوورە) کە لە شەڕی قاڕەمانانە و بەناوبانگی ھێزی ئاوارە لە گوندی چیانە وێڕای ٢٢ پێشمەرگە دیکە شەھید بوون، ناوێکی دیار و قارەمانێکی نێو دیرۆکی خەباتی حیزبی دێموکڕات و گەلی کوردە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێماکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی خاتوو خەدیجە حەسەنزادە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی پیرانشار دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.