ڕووسیە بە ئاگاداریی ئەمریکا پێشنیاری ڕێککەوتنێکی کاتیی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە.
تۆڕی مێدیایی CNBC ی ڕووسیە لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە سەردانی برایم رەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامی بۆ مۆسکۆ ئاشکرای کردوە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کاتییە ئەتومییە بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن، بەو مەرجەی کە کۆماری ئیسلامی پێبەندی هەموو ئەو بەڵێنانە بێ کە لە بەرجامدا هاتوون. بەڵام ئێران تا ئێستا ملی بۆ ئەو ڕێککەوتنە ڕانەکێشاوە.
کۆشکی سپی دەڵێ ڕێککەوتنێکی کاتی دەتوانێ هەنگاوی یەکەم بۆ گەڕانەوەی تەواو بۆ بەرجام لە ٢٠١٥ بێت، بەڵام نابێتە ڕێککەوتنێکی نوێ، کەچی ئێران داوای هەڵگیرانی هەر هەموو سزاکان و دەستەبەر بۆ نەکشانەوەی جارێکی دیکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی نێوانیان دەکا. هاوکات ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی وریا کردۆتەوە کە چاوی بە سەر کات و ڕێژەی پێشکەوتنە فەننییەکانی بەرنامەی ئەتومیی ئەو وڵاتەوەیە و هەڵکردن و نەرمینواندنەکان لە کاتی خۆیدا کۆتاییان دێ.