منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵەی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا و خۆشکەکەشی بە سەختی بریندار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئاخوندی لە سنووری شاری زەنجان، تەقەیان لە ماشینی بنەماڵەیەکی کورد کردووە و کچێکی ٨ ساڵەی ئەو بنەماڵەیە بە ناوی “مزگین پڵەنگی” بەهۆی بەرکەوتنی گوللـە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و هەروەها خۆشکی مزگین بە ناوی “فەلەک پەڵەنگی” کە تەمەنی ١٦ ساڵەیە، لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری زەنجان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.
هێزە مرۆڤکوژەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەبێ هیچ هۆکارێک لە پشتەوە تەقەیان لە ماشینی ئەم بنەماڵەیە لە جۆری پژۆ ٤٠٥ کردووە کە دایک، دوو کچ و کوڕەکەی تێدا بووە، ئەم بنەماڵەیە خەڵکی گوندی “مەلا حەسەن” سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێی کوردستان بوون و بە مەبەستی سەردانی خزمێکیان بەرەو تاران دەچوون.