بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، میراتهەڵگرانی کۆمار و قوتابییانی پێشەوا قازی لە شارەکانی ئیلام، دیواندەرە، بانە و هەروەها شاری تاران چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەرەبەری ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، ئەوینداران و میراتهەڵگرانی کۆماری کوردستان و قوتابییانی پێشەوا قازی محەممەد و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی ئیلام، دیواندەرە، بانە و هەروەها تاران، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی، پێشوازییان لەو ڕۆژە پیرۆزە نەتەوەیی و مێژوویییە کرد.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڕەکی نەورۆزئاوای شاری ئیلام و لە شەقامەکانی شاری دیواندەرە و لە شاری بانەش بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کێوی دووزینە و چالاکیی تەبلیغیی لە گەڕەکەکانی تێرمینال، ڕووبەڕووی ئامووزشگای زۆهرە، قەسابخانە، سێڕای سلێمان بەگ، هەمزاوا، ساڵحاوا و ئازادگان و هەروەها لە شاری تارانیش بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی، پێشوازییان لە ٢ی ڕێبەندان کرد و پەیمانیان لەگەڵ ئامانجەکانی پێشەوای سەرۆککۆمار و بەها پیرۆزەکانی کۆمار نوێ کردەوە.
جێی ئاماژەیە کە بە سەدان پەیامی پیرۆزبایی لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات، سەبارەت بە جێژنی ٢ی ڕێبەندان ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کراوە کە لەو پەیامانەدا، پیرۆزبایی جێژنی ٢ی ڕیبەندان لە سەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و هەروەها بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کراوە.