پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٤ ی خاکەلێوە، مام ئەحمەد محەممەد ئەقدەم، ناسراو بە ئەحمەد شوانە، خەڵکی گوندی قەڵاتەڕەشی پیرانشار تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
مام ئەحمەد کوردێکی بەبیرو باوەڕو نیشتمانپەروەر بوو؛ ئەو دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧و سەپاندنی شەڕ بە سەر گەلی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە.
مام ئەحمەد ١٧ ساڵی پێشمەرگایەتی کردو لەو ماوەیەدا لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی پیرانشاردا ئازایەتیی نواند. ئەو پێشمەرگەیەکی دڵسۆز، دەستپاکو خۆشەویستی هاوڕێیانو هاوسەنگەرانی بوو. کاتێکیش ساڵی ٧٤ بەهۆی چوونەسەرێی تەمەنو لەسەر ئیزنی حیزب چۆوە نێوخۆی وڵاتو گەڕاوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی، پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشمەرگەی نەپساندو تا دوا هەناسە وەفاداری رێبازی کوردایەتیو بزووتنەوەی گەلەکەی بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری مام ئەحمەد دەکاو خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.