بەپێی گەڵاڵەی بودجەی ڕێژیم بۆ ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ساڵی داهاتوودا دراوی ٤٢٠٠ تمەنیی تەرخانکراو بۆ دابینکردنی دەرمان و ئارد چیتر نامێنێ و لە دوو مانگی دیکەوە نان لە سەرانسەری کوردستان و ئێران گران دەبێ.
بەهۆی لابردن و نەمانی دراوی ٤٢٠٠ تمەنیی تەرخانکراو لە ساڵانی ڕابردوو بۆ دابینکردنی دەواودەرمان و ئارد لە بودجەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ئێستاوە بەشێک لە خەڵک لە سەرانسەری ئێران دەستیان کردووە بە ئەنبارکردن و زەخیرەکردنی ئارد.
هەر لەو پێوەندییەدا، لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان ژمارەیەک لە نانەواخانەکان بە بیانووی سەهۆڵبەندان و کورشە کار ناکەن و لە هەر شارێک تەنیا چەند یەکە کار دەکەن و خەڵک بە ناچار کاتێکی زۆر لە سەفی ناندا ڕادەوەستن.
شایانی باسە کە میدیاکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە ئارد بە ڕادەی پێویست هەیە و ئەو بارودۆخە بەهۆی ئەو سارد و سەرمایەیە، بەڵام خەڵک بڕوایان بەو جۆرە لێدوانانەی کاربەدەستانی ڕێژیم نییە.
هاوکات بەپێی گەڵاڵەی دەوڵەتی ئاخوند ڕەئیسی، بڕیارە لە سەرەتای بەهارەوە بە کارتی یارانە هەر کەس ڕۆژانە ٢ نانی پێبدرێت و لەو سەهمیە زیاتر، کەسەکە دەبێ خۆی بە نرخی ئازاد بیکڕێت.