ڕۆژی هەینی ۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۰ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و سەدان کەس لە کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، دەستی پێکرد.
بڕگەی یەکەمی بەرنامەکە بە پەخشانێکی هاوڕێ کەریم فەرخەپوور لە وەسفی ٢ی ڕێبەندان و دامەزرانی کۆماری کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنەی لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و هەموو خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
ڕێزدار عەزیزی دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بە دەسپێشخەریی پێشەوا قازی محەممەد، وەکوو سروودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب” و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و وەک هێما و سیمبۆلی یەکڕیزیی کوردی لە هەموو دنیادا لەقەڵەمدا و قۆستنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لەو کاتەی کوردستاندا هاتبووە ئاراوە وەک نیشانەی ئاستی بەرزی وریایی و لێوەشاوەیی پێشەوا خەمڵاند و جەختی لەوە کردەوە کە قازی محەممەد بۆ بەرگری لە مان و مەوجوودییەتی نەتەوەکەی لە گیانی خۆی مایەی دانا و لەو ڕێبازە پیرۆزەدا سەری کردە قوربانیی نەتەوەکەی.
عەزیزی هەروەها وتی بە ڕووخانی کۆماری کوردستان، بیرۆکەی ناسیۆنالیستی و بیری نەتەوایەتی لەنێو نەچوو و ئێستا ئەو ئامانجانە هەموو کوردستانی گرتۆتەوە.
سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە خواستی قازی محەممەد بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوماڵی کورد کرد و وتی ئێمەی کورد دەبێ پرسی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد بە جیددی بگرین و پێویستیی ئەو یەکڕیزییە لە سۆنگەی زەروورەتی نێوخۆی وڵاتدا ببینین و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە ئەولەوییەتدا دابنێین.
خالید عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا پشتیوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز نرخاند و وتی: “ئێمە لێرەو ئەوان لەوێ بۆ بەرەو پێشبردنی ئامانجەکانمان تا گەیشتن بە سەرکەوتن هەوڵ دەدەین.”
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەلایەن بەرێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا کە لە بەشێک لە پەیامی ناوەندی هاوکاریدا هاتبوو: “ئێستا و پاش ٧٦ ساڵ بە سەر یەکەم کۆماری کوردستاندا، تێکۆشەرانی ماندوویینەناسی گەلەکەمان هەروا شێلگیرانە لە خەباتێکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی کە ئەو مەشخەڵەی لە کۆماری کوردستاندا و بە پێشەنگایەتیی یەکەم سەرکۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد بۆ گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی هەڵکرا، هەروا بە گەشاویی بگاتە لوتکەی سەرکەوتن و نەتەوەکەمان بە ڕزگاری و ئازادی و مافەکانی خۆی بگا.”
بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆماری کوردستان، بەخشێنی ڕێزنامەی دەفتەری سیاسی بە عەلی بداغی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب بوو کە ئەم کۆمیسیۆنە چاپی “بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات”ی لە کتێبێکی دوو بەرگیدا وەک دیاری پێشکەش بە ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان کردبوو”
شایانی باسە کە نێوئاخنی بەرنامەکە بە چەند تابڵۆی هەڵپەڕکێ لەلایەن کۆڕی هەڵپەڕکیی ڕۆژهەڵات و کۆرسی هونەریی حیزبی دێموکرات و شایی و هەڵپەڕکیی ئەویندارانی ئازادیی ڕازابۆوە.