بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی شاری سنە پاک نەکراونەتەوە و سەهۆڵبەندان و بەفری زۆر خەڵکی تووشی کێشە کردووە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییە نێوخۆییەکان لە شارەکانی پارێزگای سنە لە پاش بارینی بەفری زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما، زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی شارەکان پاک نەکراونەتەوە و سەهۆڵبەندان و بەفری زۆر خەڵکی تووشی کێشە کردووە و بەرپرسانی شار لەم بارودۆخەدا گوێ بە گرفت و کێشەی خەڵک نادەن و ژیانی ئاسایی خەڵک تووشی ناڕەحەتی و سەختی بووە.
جێگەی ئاماژەیە کە سەرهەنگ عیسا گەوهەری بەرپرسی ئیدارەی هاتوچۆی ڕێژیم لە پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە ڕێگە سەرەکییەکانی گوندەکان و نێوان شارەکانی پارێزگای سنە داخراون.
شیانی باسە کە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای سنە، پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک داوای گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەهەمبەر خەمساردیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لەبەردەم شارەوانیی ئەو شارە کردووە.
هەروەها لە شاری مەریوان سەرەڕای سەرما و سەهۆڵبەندان، ئارد دەست ناکەوێ و نانەوخانەکان و خەڵک تووشی کێشە و گرفت هاتوون.