بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، میراتهەڵگرانی کۆمار و قوتابییانی پێشەوا قازی لە شاری سەقز و هەروەها شاری مەڵەکشای ئیلام چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان و ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، ئەوینداران و میراتهەڵگرانی کۆماری کوردستان و قوتابییانی پێشەوا قازی محەممەد و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی سەقز و مەڵەکشای بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی، پێشوازییان لەو ڕۆژە پیرۆزە نەتەوەیی و مێژوویییە کرد.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سەقز لە گەڕەکەکانی بولواری دانشجو، پردی کەوەسوار، شەهرەکی دانشگا، قەرەچی ئاوا و هەروەها لە شاری مەڵەکشایش ئەندامانی حیزب لە شەقامەکانی ئەو شارە بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی ، پێشوازییان لە ٢ی ڕێبەندان کرد و پەیمانیان لەگەڵ ئامانجەکانی پێشەوای سەرۆککۆمار و بەها پیرۆزەکانی کۆمار نوێ کردەوە.