یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سمینارێکی بۆ هەر یەک لە بەڕێزان کاک قادر وریا، مامۆستای زانکۆ لەژێر ناوی “ژنانی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەی بەرگری لە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و خاتوو موژگان عەلیپوور، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لەژێر ناوی “ژنانی ڕۆژهەڵات و بەشداری فرەڕەهەندی ژنان لە خەبات،” پێک هێنا.
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سمینارێکی بۆ هەر یەک لە بەڕێزان کاک قادر وریا مامۆستای زانکۆ و خاتوو موژگان عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە کتێبخانەی گشتیی حیزبی دێموکرات پێک هێنا.
سمینارەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان کاک قادر وریا بە ئاماژە بە خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵات، ئاماژەی بە ناوی ئەو ژنانە کرد کە لەماوەی ڕابردوودا لە بواری دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و مافە نەتەوەییەکاندا چالاکییان کردووە و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەر کراون یان حوکمی ناڕەوایان بەسەردا سەپاوە.
لە درێژەی سمینارەکەدا بەڕێز قادر وریا بە گرینگییەوە باس لە زمان دەکا و دەڵێ: زمان وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناسی نەتەوکەمان، وێڕای ئەوەی هەمووکات لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا بووە، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیش بۆ پاراستنی تێکۆشاوە و ئێستا ئەو زمانە نەک لەناو نەچووە بەڵکوو دەوڵەمەندتریش بووە.
پاشان خاتوو موژگان عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە بەشداریی ژنان لەو ڕەوتە لە خەباتی فرەڕەهەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاتە سەر بەشداریی بەرچاو و هەوڵی زۆری ژنان لە بەرەوپێش بردنی خەباتی شوناسخوازیی ژنان لە ڕۆژهەڵات کە زمان یەکێک لەو بوارانەیە کە ژنان هەم وەک تاکێکی کۆمەڵگە وهەم وەک دایکێک بۆ پەروەردەی منداڵەکانیان لە بەرانبەر پاراستنیدا خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن و دەبینین کە کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشداری ژنانی تێیدا بەرچاوە و هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتیان کردۆتە بنکەی ڕێکخراو بۆ پاراستنی زمان و کەلتووری کوردی و نمونەی هەرە بەرچاویشیان خاتوو زارا محەممەدی و خاتوو موژگان کاوسییە کە ڕێژیمی ئێرانی هێناوەتە لەرزە.
خاتوو موژگان عەلیپوور وێڕای ئاماژە بە ورە و باوەڕی خاتوو زارا و زاراکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو خەبات و تێکۆشانە بەو بەربڵاوییە نیشانەی گەیشتنە لووتکەی هەستی ناسیۆنالیستییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.