لە درێژەی هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب، ٩٠ میلیشیای حووسی کوژران.
هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٩ هێرشی ئاسمانیمان بە تۆڵەی هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر فڕۆکەخانەی ئەبووزەبی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپە میلیشیایە لە پارێزگای مەرئەب و لە ئاکامدا ٩٠ میلیشیای حووسی کوژراون و ١١ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە میلیشیایە بە تەواوەتی تێک شکێندراوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەرتەشی دەوڵەتی یاساییی یەمەن، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، بەرپەرچی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە ڕۆژاوای پارێزگای مەرئەب داوەتەوە و لە ئاکامدا ٢٠ کەس لە میلیشیا حووسییەکان کوژراون و بە دەیان کەس لە چەکدارەکانی ئەو گرووپەش بریندار بوون.