لە کاتێکدا وتووێژەکان بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەتنی ناوکیی لە ڤییەن بەڕێوە دەچێ، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی دەڵێ: بۆ بە ئاکام گەیشتنی وتووێژەکان یان دەبێ ڕێژیمی ئێران دیپلۆماسییەکەی خێراتر بکات یان دەبێ بەرنامەی ناوکیی وڵاتەکەی هەڵپەسێرێ.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی ئامادە لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هەواڵدەریی ” ئاکسیوس”ی ڕاگەیاندووە کە لە کۆتا قۆناغی وتووێژەکاندا پێشکەوتنگەلێک دیارە، بەڵام ڕەوتی گشتیی وتووێژەکان بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار و بە خێرایییەکی کەمەوە بەرەوە پێش دەچێ و تاکوو ئیستا لەسەر کێشە سەرەکییەکان نەگەیشتووین بە هیچ ڕێگەچارەیەکی باش و گونجاو.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ئێمە خۆمان بۆ ڕێککەوتن ئامادە کردووە، بەڵام ئەگەر وتووێژەکان ڕووبەڕووی شکست ببێتەوە ئەوە ئەمریکا ئامادەیە ڕێکارگەلێکی دیکە بگرێتە بەر.
هەواڵدەریی ئاکسیوس لە درێژەدا و لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمریکاییەوە دەڵێ: ئەمریکا و وڵاتانی بەشدار لە وتووێژەکان زۆر بە ڕوونی بە ئێرانیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئێران کاتی زیاتری بۆ دیپلۆماسی پێویستە، ئەوە دەبێ بەرنامەی ناوکیی وڵاتەکەی هەڵپەسێرێ.