لە کاتێکدا ڕەخنەکان و ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی ئێراندا لەهەمبەر ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین ڕوو لە زیاد بوونە و ڕەخنەگران ئەو ڕێککەوتنە بە پێشێلکردنی سەروەری دەزانن، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی ٢٠ ساڵەی لەگەڵ ڕووسیە دەدا بە پووتین.
کازم جەلالی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووسیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکومەتیی مێهر ڕایگەیاند کە بەرپرسانی باڵای تاران و مسکۆ پێشتر ڕێکەوتبوون کە ڕێککەوتنێکی ٢٠ ساڵە یا زیاتر لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەبێ و ڕەشنووسی ئەو ڕێککەوتنە دەدرێتە بەرپرسانی ڕووسیە و پاش تاوتوێکردن ڕێککەوتنەکە لەنێوان دوو وڵاتدا واژۆ دەکرێ.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە دووهەمین سەفری گرینگی دەرەوەی خۆیدا گەیشتە ڕووسیە و بڕیارە پاش کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەشدا ئامادە بێ.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەم سەردانەی ڕەئیسی تەنیا دوو ڕۆژ پاش قۆناغی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین هاتووەتە ئاراوە و ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت دووهەمین ڕێککەوتنی درێژماوەی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕووسیە واژۆ بکات.