ویتالی چوركین، نوێنه‌ری ڕووسیه له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له نامه‌یه‌كدا بۆ شوڕای ئه‌منیه‌ت توركیه‌ی به ناردنی چه‌كوچۆڵ بۆ داعش تۆمه‌تبار كرد‌و گوتی وڵاتی توركیه له سه‌ره‌كیترین هاوپه‌یمانانی داعشه‌و به‌رده‌ه‌وام چه‌كوچۆل بۆ هێزه‌كانی داعش له سووریه ده‌نێرێ.
ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ئه‌م چهكۆچۆڵانه له ژێر چاودێریی ده‌زگای میتی توركیه‌و له لایه‌ن سێ ڕێکخراوی ناده‌وڵه‌تی بۆ داعش له وڵاتی سووریه ده‌نێردرێن.
ویتالی چوركین له‌م نامه‌یه‌دا پشتڕاستی كرده‌وه كه گه‌یاندنی یارمه‌تیی نیزامی بۆ سووریه له ژێر ناوی یارمه‌تیی مرۆڤدۆستانه‌دا بووه. ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی ئه‌م ده‌زگاو ناوه‌ندانه ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌و شیمایی پیشه‌سازییان به بڕی یه‌ک میلیۆن و ٩٠٠ هه‌زار دۆلار بۆ داعش ناردوه.
نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ڕووسیه له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌روه‌ها گوتی كه‌لوپه‌لی نیزامیی وه‌ك مووشه‌كه‌كانی دژی تانك تاو، ئاڕ پی جی ٧، خۆمپاره‌ی ٨٢ میلیمیتری، كه‌لوپه‌لی پێوه‌ندیگرتن له‌م یارمهتییانهن كه توركیه له ڕێگه‌ی دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كانی بۆ داعشی ناردوه.
له‌م نامه‌یه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه كه ئه‌م ماده شیماییو ته‌قینه‌وانه‌ی كه له‌به‌ر ده‌ستی داعش دایه زۆربه‌یان له وڵاتی توركیه به‌رهه‌م هاتوونو له ڕێگه‌ی نهێنییه‌وه گه‌یاندراونه‌ته ده‌ستی تیرۆریستانی داعش.
شایانی باسه كه توركیه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له هه‌مبه‌ر ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی ڕووسیه ده‌یداته پاڵ، بێده‌نگه‌ی لێ کردوه‌و کاردانه‌وه‌یه‌کی له خۆی پیشان نه‌داوه.