بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی دانمارک، سوئیس و بریتانیا، کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بە مەبەستی پشتیوانی لە مامۆستا “زارا محەممەدی” بەڕێوە چوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، بە مەبەستی پشتیوانی لە مامۆستا “زارا محەممەدی” فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی دانمارک لەژێر ناونیشانی “زمانی ئێمە ناسنامەمانە، با دەنگیی ژنانی دەسبەسەرکراوی کورد بین”، خۆپیشاندانێکی بەڕێوە برد.
لەو خوپیشاندانە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە بەشداری بوون، پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەبۆنەی بەندکرانی مامۆستای زمانی کوردی، خاتوو زارا محەممەدی لەلایەن بەڕیز “وریا مەللاک” خوێندرایەوە.
هاوکات بە مەبەستی پشتیوانی لە مامۆستا “زارا محەممەدی” و شەرمەزارکردنی سزای داسەپاو بەسەر ئەو مامۆستا کوردەدا، رۆژی شەممە ١٥ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، ڕەوەندی کوردی لە شاری “زوریخ”ی سوئیس، بە بەشداری و هاوکاریی بنەماڵەی خاتوو زارا محەممەدی و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، خۆپێشاندانێکیان وەرێخست.
لەو گردبوونەوەیەدا لەلایەن بەڕێز “کامڕان ڕەسووڵی” بەرپرسی کومیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێک خوێندرایەوە و دواتر هاوڕێ “زاهیر قادرحاجی” بەرپرسی گشتیی کومیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پێشکەش کرد کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر بێتاوانیی خاتوو زارا محەممەدی کرابووە کە وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی زیندانی کراوە و حوکمی ناعادڵانەی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، کومیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتە، خۆپیشاندانێکی بەربڵاوی بە مەبەستی مەحکوومکردنی سزای زاڵمانە و داسەپاوی ٥ ساڵ زیندان بۆ خاتوو زارا محەممەدی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری لەندەن بەڕێوە برد.
لەو ئاکسیۆنەدا بەڕێز “یۆنس موکری” پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا، وێڕای بەخێرهاتن و سوپاسی تایبەت بۆ بەشداربووان کە لە رێگای دوور و نزیکەوە خۆیان گەیاندبووە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی لە شاری لەندەن، باسێکی کورتی لەسەر ژیان و کار و چالاکییەکانی خاتو زارا محەممەدی پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی خۆپیشاندانەکەدا، پەیامی کومیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن بەڕێز “کەیوان ڕەسووڵی” ئەندامی کۆمیتەی بریتانیاوە خوێندرایەوە.
هەروەها پەیامی پشتیوانیی کومیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ زارای نیشتمان بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن خاتوو “مینا سوارە” پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا پێشکەشی بەشداربووان کرا.
شایانی باسە کە پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن بەڕێز “جەماڵ جەبباری” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا و پەیامی ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژھەڵات لەلایەن خاتوو “هەوار ساڵح زەریفی” چالاکوانی مەدەنی خوێندرانەوە.