لە ئەنیستیتۆی “فەرانسوا میتران” لە پاریسی پێتەختی وڵاتی فەرانسە، خەڵاتی بوێریی سیاسیی ساڵ بەخشرایە سەلاحەدین دەمیرتاش، کەسایەتیی سیاسیی ناوداری کورد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لاپەڕەی فەیسبووکی سەلاحەدین دەمیرتاش، کەسایەتیی سیاسیی ناسراوی کورد لە باکووری کوردستان و هاوسەرۆکی بەندکراوی پارتی دێموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕایگەیاند کە لەلایەن ئەنیستیتۆی “فەرانسوا میتران” لە پاریسی پێتەختی ولاتی فەرانسە، خەڵاتی ئازایەتی و بوێریی سیاسیی ساڵ لە جیهاندا، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بەخشرایە سەلاحەدین دەمیرتاش.
لەو ڕێوڕەسمەدا “هێسار ئۆزسۆی”، نوێنەری “هەدەپە” لە وڵاتی فەرانسە و لە شاری پاریس، لەجیاتی “دەمیرتاش” خەڵاتەکەی وەرگرت و لە ڕێوڕەسمەکەدا “هۆبێر فێدێرن”، وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتی فەرانسە و سەرۆکی ئەو ئەنیستیتۆیە نامەیەکی هاوپێچی لەگەل خەڵاتەکەدا بۆ “دەمیرتاش” ناردووە و لەو نامەیەدا ئازایەتی و ڕۆلی قارەمانانەی دەمیرتاشی لە ڕووبەڕووبونەوەی ویستی سەرەڕۆیی دەوڵەتی تورکیەدا بەرز نرخاندووە.
شایانی باسە کە “سەلاحەدین دەمیرتاش”، تاکوو ئێستا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی پێ بەخشراوە وەکوو: خەڵاتی شارەوانیی “ڤایمێر”ی ئاڵمان بۆ داکۆکی لە ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ، خەڵاتی ناوەندی نێودەوڵەتیی یەکیەتیی نووسەران “پێن” بۆ پشتیوانی لە پێکەوەژیان و ئاشتی و ڕاستبێژی، خەڵاتی “مۆنتلۆکـ”ـی فەرانسە بۆ داکۆکی لە ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان لەنێوان گەلاندا، خەڵاتی هاوپەیمانیی پێشکەوتنخوازیی سوید بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی و ئاشتی و دیالۆگ و خەڵاتی “SODEV” بۆ مافی مرۆڤ، ئاشتی و پێکەوەژیان لەلایەن ڕێکخراوی سۆسیال دێموکرات لە ئیستامبوڵ.
شایانی باسە کە سەلاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی، پێکەوەژیان و ئازادییە.