جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەریی ئەمریکا، جەختی لەسەر پشتیوانیی هاوپەیمانان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە.
کارێل هەریس، جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەریی ئەمریکا، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پشتیوانیی هەمە لایەنە لە هێزی پێشمەرگە کردەوە و وتی لەگەڵ بەردەوامبوونی مەترسییەکانی داعش لەسەر عێراق و ناوچەکە، گرینگیدان و پشتیوانیکردن لە هێزی پێشمەرگە، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
شایانی باسە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژاوایی، ڕۆڵ و کاریگەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شەڕ دژی داعش بەرز نرخاندووە و ڕایانگەیاندووە کە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان دژی تێرۆر شەڕ دەکا.
گرووپی تێرۆریستیی داعش ساڵی ٢٠١٤ی زایینی هێرشی کردە سەر ڕۆژاوای کوردستان و عێراق و دواتر هێرشی کردە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە هاوکاریی هاوپەیمانان به توندی بەرپەرچی درایەوە و تێکشا.