قوتابخانەی شارەکانی کوردستان بە هۆکاری بەفربارین و سەرما و شەختە و کڕێوە داخراون.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی باران و بەفربارین کوردستان و ناوچەکەی گرتەوە کە بە قورسترین بەفربارینی یەک دەیەی ڕابردوو ئەژمار دەکرێت، ئەم شەپۆلە بەفر و باران و سەرما و شەختە و کڕیوەیە، بووەتە هۆی ئەوەی کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا قوتابخانەی سەرجەم قۆناغەکان لە شارەکانی کوردستان بە پارێزگای خۆراسانی باکووریشەوە دابخرێن و تاکوو چەند ڕۆژی داهاتوویش ئەگەری ئەوە هەیە کە نەکرێنەوە.
شایانی باسە کە ئەم بەفربارین و سەرما و شەختەیە جیا لە داخرانی قوتابخانەکان، بووەتە هۆی پچڕانی تۆڕی کارەبا و گاز و هێلی ئینترنێتی زۆربەی گوند و ناوچەکانی کوردستان و تەنانەت لە زۆر شوێنی کوردستانیشدا ڕێگەوبان و جاددەکانی هاتوچۆی خەڵکی بەستووە و زۆر شوێنی گشتی و گەشتیاریی چەند شارێکیشی تێک داوە یان ڕووخاندووە.