ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەندکراوی سیاسیی کورد “خالید فەریدوونی” بۆ یەکەمین جار و پاش ٢١ساڵ بەندکران بە دانانی بارمتە مەرەخەسی کاتی پێدراو و لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە کە “خالید فەرەیدوونی” پێشتر لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “عومەر فەقێپوور” ڕۆژی ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ی هەتاوی، لەلایەن سپای پاسداران دەسبەسەر کران . ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسداران لە پیرانشار و مهاباد بە شێوەیەکی دڕندانە کەوتبوونە بەر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و دواتر لەلایەن دادگای بەناو ئینقلابی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی محاربە و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا و پاش چەند ساڵ لە دادگای پێداچوونەوەدا و لە ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٨٤ سزاکەیان بۆ زیندانیی هەتاهەتایی گۆڕدرا.
ئەو دوو بەندکراوە سییاسییە ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٨٦ی هەتاوی لەسەر دەستێوەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە دۆسییەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج دوور خرابوونەوە و دواتر ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ کران.
ڕەزا شەریفیبۆکانی زیندانیی سیاسیی پێشوو و هاوبەندی ئەم دوو زیندانییە لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج، لەو بارەوە ڕایگەیاند کە ئەو دوو زیندانییە لەماوەی ئەو ١٠ ساڵەی کە هاوبەندی ناوبراو بوون لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کرابوون و جارجار لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە دەگرت و لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی بێبەش بوون، بە شێوەیەک کە عومەر فەقێپوور، لە بەندیخانەی ورمێ بەهۆی پێڕانەگەیشتن و پێشگرتن لە ناردنی بۆ دەرەوەی بەندیخانە بۆ چارەسەرکردنی، بینایی چاوی چەپی لەدەست داوە.