نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بەلابردنی هەر چەشنە گەمارۆیەک لەسەر ڕێژیمی ئێران هۆشداری دا و دەڵێ ئەو ڕێژیمە هۆکاری سەرەکیی گرژی و ئاڵۆزییە لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دانیشتنی ئابووریی “داووس” سەبارەت بە لابردنی هەر چەشنە گەمارۆیەک لەسەر ڕێژیمی ئێران، هۆشداری دا و وتی: “ڕێژیمی ئێران هەشتپێیەکی تێرۆرە کە سەری لە تاران و پەلیشی لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەر چەشنە پشتیوانییەک لەو ڕێژیمە دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەسەندنی تێرۆریزم و گرژی و ئاڵۆزیی لە ناوچەکەدا و لە هەر ولاتێکدا دزەی کردبێ، بووەتە هۆی شکستی ئەو وڵاتە و ئاماژەی بە وڵاتانی سووریە، لوبنان و یەمەن کرد کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەوە لەو وڵاتانە، کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدرێ و پشتیوانی ماڵی و چەکوچۆڵیان لێدەکری.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە وتووێژەکانی ڤییەن دەڵێ، بە لابردنی گەمارۆکان تەنیا کارێک کە ئێوە دەیکەن ئەوەیە کە بە سەدان میلیارد دۆلار پارە دەخەنە دەستی ئەو ڕێژیمە بۆ پەرەپێدان بە بەرنامەی ناوکیی و پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەهێزکردنی گرووپە میلیشیا و ئاژاوەگێڕەکانی خۆی بۆ نائەمن کردن و نانەوەی گرژی و ئالۆزی لە ناوچەکەدا و ئەوەی کە ئێستا دەیبینن لە داهاتوودا سێ هێندە دەبێ.