لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی پاکنەکردنەوەی بەفری سەر ڕێگای خاڵی سنووریی باشماخ، هاووڵاتییان تووشی کێشە و گرفت بوونە.
بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی گرینگی پێنەدانی ڕێژیم بە دەروازەی سنووریی باشماخ لە مەریوان و لانەبردنی بەفری سەر ڕێگای ئەو خاڵە سنوورییە،هاووڵاتییان تووشی کێشە و گرفت بوونە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو خاڵە سنوورییە پتر لە ١میلیارد دۆلار لە ساڵدا داهاتی هەیە، کەچی خاوەنی یەک لۆدێریش بۆ پاککردنەوەی بەفر نییە.
جێگەی باسە بەهۆی کەمبوونی لۆدێر، هێشتا بەشێک لە ڕێگا و کوڵان و شەقامەکانی شار و گوند و شارۆچکەکانی مەریوان بە تەواوەتی پاک نەکراونەتەوە و بەپێی هۆشداریی کەشناسی، دیسان شەپۆلێکی بەفر و سەرما ڕۆژی پێنجشەممە ناوچەی مەریوان دەگرێتەوە و ئەگەر بەو شێوە بێت خاڵی سنووری باشماخ بەتەواوەتی دادەخرێت .
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی بەفرانبار، پاش بارینی بەفرێکی زۆر لە مەریوان، بۆ ماوەیەک تۆڕەکانی کارەبا و ئاو پچڕا.