ناوەندە ئاژاوەگێڕەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگای ورمێی کوردستان و بە تایبەت نەتەوەکانی کورد و تورک ئاژاوە و بشێوی دەنێنەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە درێژەی پیلانەکانی ناوەندە ئاژاوەگێرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای ورمێی کوردستان و لە نوێترین هەوڵی ئاژاوەگێڕی و نانەوەی بشێوی و تێکدانی پێوەندیی نێوان پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەیی و کەمینەکانی ئەو پارێزگایە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵدەریی “ئیرنا”ی ڕێژیم وێڕای بڵاوکردنەوەی خەریتەیەک ڕایگەیاندووە کە لە سەرژمێریی نوێی ڕێژیم لەو پارێزگایەدا تەنیا پێوەری مەزهەبی لەبەرچاو گیراوە و پێوەری پێکهاتەی نەتەوەیی پشتگوێ خراوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایەی لێ کەوتووەتەوە و ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیمیش دوای چەند کاتژمێر، هەواڵەکەی سڕیوەتەوە.
لەو پێوەرە مەزهەبییەشدا کە ئەو هەواڵدەرییە ئاماژەی پێ کردووە، لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە وەک سایین قەڵا و تیکاب کوردەکان پشتگوێ خراون و لە چەند ناوچەیەکیشدا بەپێچەوانەوە تورکەکان پەراوێز خراون و ئەمەش ناڕەزایەتی بەدواوە بووە؛ هەر بۆیە ئاکامی ئەو پیلانەی ڕێژیم بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دووبەرەکیی لەنێوان کورد و تورک لێک دەدرێتەوە.