گرووپی نێونەتەوەییی قەیران سەبارەت بە بەئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکانی بەرجام هۆشداری دا کە ئەگەری ئەوە هەیە هێرشی سەربازی ڕوو بدا.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێکخراوی “گرووپی نێونەتەوەییی قەیران” لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران و وڵاتانی جیهان لە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی “بەرجام” بە بەرەوپێشچوونێکی واتادار نەگەن، بەرجام بە زووترین کات دەگاتە خاڵی کۆتایی و ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەکانی هێرشی سەربازی بکەنە سەر ئەو وڵاتە و لە بەرامبەریشدا ڕێژیمی ئێران سەرەڕۆیی و ئالۆزییەکانی لە ناوچەکە پەرە پێبدا و ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەرزتر بکاتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرنامەی ناوکیی ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێ و زیاتر پەرە دەستێنێ.
هەر لەو پێوەندییەدا “گرووپی نێونەتەوەییی قەیران” دەڵێ: “کۆنەپارێزانی دەسەڵاتدار لە ئێراندا لە سوود و بایەخەکانی بەرجام گومانیان هەیە و لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئابووریی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەو گەمارۆیانەی کە ئەمریکا بە سەر ئەو وڵاتەی داسەپاندووە و هەروەها گشتگیریی پەتای کۆرۆنا، بە باشی لەو دۆخە تێپەڕ بووە کە ئەو ڕوانینەی ڕێژیمی ئێران تەواو بەپێچەوانەیە و پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەتوانێ پێوەندی نێوان ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیەش بەرەو لاوازی ببات.
لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران هاوکات دەبێ هەوڵە ناوکییەکانی بەتایبەت پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی زۆر و هەروەها دانانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو و بەرهەمهێنانی کانزای ئۆرانیۆم کەم بکاتەوە.
شایانی باسە کە دەوری هەشتەمی وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی بەرجام زیاتر لە یەک مانگە دەستی پێکردووە و تا ئێستا ئاکامیكی دڵخۆشکەری بۆ لایەنەکانی بەشدار نەبووە.