هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە ٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانی تێک شکاندووە و چەند فەرماندەیەکی ئەو گرووپە میلیشیایییەی کوشتووە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە لە نوێترین هێرشی ئەو هێزانە بۆسەر میلیشیا حووسییەکان لە یەمەن، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپە میلیشیایییە لە باکووری شاری “سەنعا”، دوو سەکۆی مووشەکی بالستیکی ئەو گرووپە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێیان دراوە، خاپوور کراوە و “عەبدوڵا قاسم ئەلجەنید”، کە یەکێک لە فەرماندە پلەبەرز و ستراتێژیداڕێژەکانی حووسییەکان و چەند فەرماندەیەکی تری ئەو گرووپە کوژراوە.
ژێنێڕاڵ “تورکی ئەلمالکی”، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی، ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرش و گورزانە لە بەرانبەر هێرشە ئاژاوەگێرانە و تێکدەرانەکانی حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی “ئەبووزەبی” بە ٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆسەر کۆمەڵێک بنکە و دامەزراوەی عەرەبستانی سعوودی بە ٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەنجام دراوە.